حكومەتی عێراق، دوای شكستهێنانی هەوڵێكی، بەم شەوە دەستیكردووە بە جوڵەی سەربازی بۆ دەست بەسەرداگرتنی كێڵگەی نەوتی گڵابات. بەپێی زانیارییەكان، ئەمرۆ هەینی، 4ی تەمووز، هێزێکی سەربازی عێراق، ویستی دەست بەسەر چەند بیرە نەوتێکی کێڵگەی قەمەر (گڵابات)دا بگرێت. لە نێوان کفری و قەرەتەپە. بەڵام هێزی پێشمەرگە ڕێگەنەداوە و شوێنەکانیان بۆ هێزە عێراقیەکان چۆڵ نەکردووە. بەپێی زانیارییەكان، دوای شكستی هەوڵەكەی ئەمرۆ، حكومەتی عێراق ئەمشەو دەستیكردووە بەجوڵەی نوێ و چەند هێزێكی نوێ بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێوەن. لەبەرامبەردا هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە بۆ ڕێگریكردن لە پێشڕەویكردنی هێزەكانی عێراق كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی. هێزە سەربازییەكانی عێراق خواستی ئەوەیان هەیە تەواوی کێڵگەی نەوتی قەمەر (گڵابات) کۆنترۆڵ بکەن. کە بەشێکی لە سنوری ناحیەی کۆکس و لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدایە. حکومەتی عێراق گرێبەستی هەڵکەندنی یەکەم بیری نەوتی لە سنوری قەزای کفری واژووكردووەو وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێكی دیكەشی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی گڵابات لەگەڵ کۆمپانیای نەفت هیلالی ئیماراتی ئەنجام داوە. جوڵەی هێزە سەربازییەكانی عێراق لەكاتێكدایە، لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، هێزێکی سوپای عێراق و حەشـ.ـدی شەعـ.ـبی ویستیان دەست بەسەر بیرە نەوتێک لە گوندی چاڵاو خالید بگرن، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە ڕێگەیان نەدا. لە چەند رۆژی ڕابردووش بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ناحیەی قەرەتەپە كرا بە قەزا و ناحیەی كۆكسی خرایە سەر و بەهۆیەوە ئەو ناحیەیە لە قەزای كفری دابڕێندرا.