ماوەی دوو ڕۆژە جموجوڵی هێزە عێراقییەکان لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم لە پارێزگای دیالە و سەڵاحەدین بەدی دەکرێت. چەند لیواو فەوجێکی ئەو هێزانە لە قوڵای پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالەوە جوڵێنراون بۆ ناوچەی تەماس لەگەڵ هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیاریەکانی بوار، چوار لیوای حەشدی شەعبی و چەند فەوجێک لە بەلەد و مقدادیە و خاڵس و هبهب بۆ سلێمان بەگ و قەرەتەپە و نێوان دووز و ئامرلی جوڵەی پێکراوە. بەپێی زانیارییەکان، هێزی زیاتری سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵی لەو ناوچانە چڕ کراونەتەوەو هێزێکی زۆری سوپای عێراق هاتونەتە سەربازگە و فڕۆکەخانەی حلێوە لە نزیک خورماتوو. چەند بنکەیەکی تری سوپای عێراق لە نێوان خورماتوو و ئامرلی. ئەمڕۆ ٥ی تەممووز، هێزێکی زۆری سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی بەجیا و بە چەند کاروانێک بە بازگەی سەرحە لە حەمرین تێپەڕیون. لە ناوچەکانی دیالە و هێزێکی زۆری سوپا بۆ سەربازگەی کوبرا لە نێوان جەلەولا و سەعدیە و بارەگای لیوایەک لە باشوری ڕۆژئاوای جەلەولا هاتووە. بەشێک لەو هێزانە لە بارەگای فەوجێکی سوپای عێراق لە باکوری دەروازەی ڤەرەتەپە جێگیر بوون. تا ئێستا نازانرێت هۆکاری جوڵەی ئەو هێزانە چیە هەرچەندە لە ناوچەکانی پەڵکانە و چیای حەمرین و دەریاچەی حەمرین ڕێ و شوێنی نائاسایی گیراوەتە بەر و دەنگۆی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن بڵاو کراوەتەوە. بەڵام هێزەکان لە دەریاچەی حەمرین و زنجیرە بەرزاییەکانی حەمرین تێپەڕیوون.