ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان و كاندیدی ئەو حیزبە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەندامی كۆنگرەی پێنجی حیزبەكەیەتی، بەڵام بەو پێیەی كۆنگرەكە لە شاری هەولێر دەبەسترێت و ناوبراو فەرمانی دەستگیركردنی هەیە لەو شارە، بەشداری كۆنگرەكە ناكات. ئەحمەدی حاجی رەشید بە بواری راگەیاند "هەرچەندە ئەندامی كۆنگرەی پێنجی كۆمەڵی دادگەریم، بەڵام بەهۆی دەرچوونی فەرمانی دەستگیركردنم لە شاری هەولێر، بەشداری كۆنگرە ناكەم، چونكە فەرمانی دەستگیركردنە چۆتە لیستی رەشەوە، واتە لە فڕۆكەخانە و بنكەكانی پۆلیسە". لەم مانگەدا دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەحمەد حاجی رەشید دەركرد، بەڵام تائێستا ئەو تۆمەتەی بڵاونەكردۆتەوە كە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردووە. بڕیارە سبەینێ لە شاری هەولێر کۆنگرەی پێنجی کۆمەڵی دادگەری دەست پێبکات و دوو ڕۆژ دەخایەنێت.