ماوەی چەند ڕۆژێكە سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق دەستی بە كۆمەڵێك سەردان و كۆبوونەوەی چڕو پڕكردووە لەگەڵ سەرۆك و سەركردەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بە ڕای چاودێرانی سیاسیش سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق چاوی لەوەیە جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێتەوە. میدیای نزیك لە د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق بلاویكردەوە كە ئەمڕۆ ناوبراو لەگەڵ ژمارەیەك سەركردە و كەسایەتی سیاسی عێراق كۆبوەوەتەوە، بەبێ ئەوەی باس لە ئامانج و ناوەڕۆكی سەردان و كۆبوونەوەكانی بكات. ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق لە بەغدا لەگەڵ هەریەكە لە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق، عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، موسەننا سامەڕائی، سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم كۆبووەتەوە. ئەو مانۆڕە سیاسییەی سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق بە ئەنجامدانی كۆبوونەوە و سەردانەكانی لەكاتێكدایە كە بەر لە چەند ڕۆژێكیش پێش ئێستا ناوبراو لەگەڵ ( محەمەد شیاع سودانی) سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئەنجامدا، چاودێرانی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستانیش پێیان وایە كە ناوبراو جارێكی دیكە دەیەوێت پشتگیری ئەو هێزولایەنانە بۆ خۆی ڕابكێشێت بۆ ئەوەی لەدوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق كە وا بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، ناوبراو چانسی ئەوەی هەبێت جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك كۆماری عێراق.