سەرچاوە میدیاییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە كۆمپانیای تیكتۆك 16 ملیۆن و 500 هەزار ڤیدیۆیان لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تیكتۆك لە وڵاتانی عەرەبی وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سڕیوەتەوە، ئەوەش بەهۆی پابەندنەبوون بە بنەما و ستاندارەكانی كۆمپانیای تیكتۆكەوەبووە. سەرچاوەیەك لەدەزگای ئاسایش بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی راگەیاندووە: ئەو ڤیدیۆیانەی كۆمپانیای تیكتۆك دەیانسڕێتەوە، پەیوەندیدارن بە سەرپێچیكردن لە رێكارەكانی بڵاوكردنەوەو پەیوەندیان بە تیرۆر و لادانە كۆمەڵایەتییەكان و بڵاوكردنەوەی توندوتیژی و هاندانی خەڵك بۆ سەركێشیكردن بەژیانییەوە هەیەو ساڵانە بەهۆی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانەوە چەندین كەس لەسەرانسەری جیهان خۆیان دەكوژن، كە بێگومان هەرێمی كوردستانیش لەخراپ بەكارهێنانی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە لە ریزبەندی پێشەوەیە. ئاماژە بەوەشكراوە، ئاسایشی كۆمەڵایەتی بۆ دەزگاكانی ئاسایش هێڵی سوورەو بەهەموو جۆرێك رێگریی لەو كەسانە دەكرێت كە ناوەڕۆكی میدیایی خراپ و ناپەسەند لە تیكتۆك بڵاودەكەنەوەو هەوڵەكانیش لەهەرێمی كوردستان لەلایەن دەزگای ئاسایش و وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنە پەیوەندییدارەكانی دیكەوە بۆ رێگریكردن لەبڵاونەبوونەوەی ڤیدیۆی نەشیاو بەردەوامی هەیە.