سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامی كۆتایی خۆی بە ( فواد حسێن) وەزیری دەرەوە بەلایەنی هەرێمی كوردستان گەیاندووە و بەڕوونی پێی وتوون، ئەگەر نەوت رادەست نەكەن بەتەمای یەك دیناری مووچە نەبن، چونكە ناتوانم لەوە زیاتر نەرمی بنوێنین و بەرگەی فشاری لایەنە شیعەكانیش ناگرم. بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەڕێگەی ( فواد حسێن) وەزیری دەرەوە، پەیامی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە كە تیایدا جەختی لەوە كردووەتەوە ناتوانێت لەوە زیاتر نەرمی بنوێنێت لە ناردنی پارەی مووچە لەبەرامبەر پابەند نەبوونی هەرێم بەڕێككەوتنەكانەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، بەڕوونی پێتان دەڵیم كە چیدیكە بەتەمای ناردنی مووچەی مانگەكانی داهاتوو نەبن، ئەگەر نەوت ڕادەست نەكەن و پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبن، چونكە منیش فشارم لەسەرە و ناتوانم لەوە زیاتر بەرگەی فشاری لایەنە شیعەكان بگرم. بوار ئەوەشی زانیوە كە (فواد حسێن) وەزیری دەرەوە پەیامەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بە بەرپرسانی هەرێم گەیاندووە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ شاندێكیان ڕەوانەی بەغدا كرد بۆ ئەوەی بگەنە ڕێككەوتن لەسەر دەستكردنەوە بە هەناردەكردنەوەی نەوت، بەڵام نەتواندرا بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی.