گرنگ

وەفدێكی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان سەردانی بەغدا دەكات

2024-05-30

 
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان رایدەگەیەنێت هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا دەکەین بۆ چارەسەری کێشەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی لە وەڵامی داواکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبونەوەی سێقۆڵی نێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوت بڵاوکردەوە و ئامادەیی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی دەربڕیووە هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەن بۆ چارەسەری کێشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سامانە سروستیەکاندا هاتووە.
 
سەبارەت بە نوسراوى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ”ئێمە وەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكى لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکوومەتی فیدراڵ لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژوو کرا”.
 
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەشڵێت ”دوایین جاریش لە ڕۆژانی 19 و 20ی مانگى ئايار لێژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته”.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color