گرنگ

یەكێتی لە كەركوك دژی بڕیارێكی راكان جبوری و ئەندامانی پارتی و توركمان و عەرەب لەئەنجومەنی پارێزگا دەوەستێتەوە

2024-06-21

 

دوای نوسراوێکی ڕاکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک. كە لە ٦ی ئەم مانگە بە پشت بەستن بە واژۆی ۹ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ لە کار لادانی دلێر زێدان بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی کەرکوک دەریكردبوو، بەڕێوەبەری دەستەکە پابەندی بڕیارەکە نابێت و بەردەوامە لەسەر کارەکەی سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر بڕیارەکەدا.
 
بەپێی زانیاریەکانی بوار، یەکێتی نیشتیمانی كوردستان لە کەرکوک بڕیاریداوە پابەندی بڕیارەکە نەبێت و دژی گۆڕینی ئەو بەرپرسەیە بەو پێیەی کوردە و لەسەر ئاستی کەرکوک بڕیارەکەیان ڕەتکردووەتەوەو پاڵپشتی بەڕێوەبەری وەبەرهێنان دەکەن لەکارەکەی بەردەوام بێت. لەسەر ئاستی حكومەتی عێراقیش لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و دادگای فیدڕاڵی لەسەر هێڵن تا بڕیارەکە ڕەت بکەنەوە بەو پێیەی بڕیارەکە نایاساییە.
 
پێشتر دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لادانی بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی نەجەفی ڕەتکردەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای نەجەفەوە درابوو بەو پێیەی بەپێی یاسای دەستەی وەبەرهێنان دەستەکە خۆی بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی پارێزگاکان دیاری دەکات و بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی کەرکوک دەیەوێت هاوشێوەی بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی نەجەف بڕیارەکە لە ڕێگای دادگای فیدڕاڵیەوە هەڵوەشێنێتەوە.
 
دلێر زێدان بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی کەرکوک تا کۆتای دەوامی رۆژی پێنج شەممە، ۱۳ی حوزەیران، لەسەر کارەکەی بەردەوام بووەو لە دوای ئەو بەروارەشەوە تا دوای جەژن فەرمانگەكان دەكەونە پشووی فەڕمییەوە بەبۆنەی جەژنی قوربان.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color