ئەگەر هێرشی ئاسمانی هەیە بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی
ڕۆژنامەیەکی تورکی زانیاری مەترسیدار ئاشکرا دەکات و باس لە بەئامانج گرتنی ئەو فرۆکانە دەکات کە دێنە فڕۆکەخانەی سلێمانی.
ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی لە مانشێتی ژمارەی ئەمڕۆیدا باسی ئەگەری هێرشی درۆنی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکات و وێنەیەکی فڕۆکەخانەی سلێمانی و هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەکەی کردووەتە مانشێتی سەرەکی ژمارەی ئەمڕۆ.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی باڵای سەربازی و هەواڵگری تورکیاوە ئاماژەی بەوە کردووە لە فڕۆکەخانەکەوە هاوکاری دەگاتە قەندیل و ڕۆژئاوا و هاوکارییەکان لەلایەن ئەمەریکا و ئێران و ئەڵمانیاوە گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەکە.
یەنی شەفەق لە هەواڵەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە لە ماوەی ڕابردوو، دوو سیستەمی دژە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکەوە گەیشتووەتە دەستی نەیارەکانی تورکیا کە سیستەمی پێشکەوتوون و بەرپرسانی تورکیا دەیانەوێت ئەو فڕۆکانە بکەنە ئامانج کە چەک و هاوکاری سەربازی دەگەیەننە فڕۆکەخانەکە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا پلانیان داناوە لە ڕێگای درۆنەوە ڕێگری لە گەیشتنی هاوکاریەکان بکەن.