لەگەڵ دەستكردنەوە بە ساڵی نوێی خوێندن، بڕیارە لە سنووری پارێزگای سلێمانی كامێرای چاودێری لەناو پاسەكانی گواستنەوەی خوێندكاران دابنرێت، هاوكات دایك و باوكان و سەرپەرشتیاران دەتوانن بەشێوەیەكی راستەوخۆ چاودێریی منداڵەكانیان بكەن لە كاتی هاتووچۆیاندا. گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاندووە، كە ئەم پرۆژەیە ئامادەكراوە و چەند لایەنێكی وەك ئاسایش، قائیمقامییەت و پەروەردە پێكەوە تاوتوێی دەكەن، ئامانج ئەوەیە، كە ئەم سیستەمە نوێیە لە وەرزی خوێندنی ئەمساڵدا جێبەجێ بكرێت، بەمەش دایك و باوكان دەتوانن لە كاتی گواستنەوەی منداڵەكانیان دڵنیایی زیاتریان هەبێت. ئاماژەی بەوەشكردووە، نرخی گواستنەوەی خوێندكاران بە پاس و تاكسی، تا ئێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە، بەڵام روونیشی كردەوە كە لە ساڵی 2019ەوە كۆنووسێك دیاریكراوە و بە گوێرەی زۆنەكان و دووریی خوێندكار لە خوێندنگەكەی نرخەكان دیاریكراون، چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵیش بە هەمان شێوە نرخەكان دیاریی بكرێن و بڵاوبكرێنەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە كە وابڕیارە لە 21ی ئەم مانگە وەك سەرەتای وەرزی نوێی خوێندن دەستپێبكاتەوە و لە هەمان رۆژدا زەنگی دەستپێكی ساڵی خوێندن لێدەدرێت، بەڵام دیار نییە ئاخۆ مامۆستایان بایكۆت دەكەن یاخود پابەندی دەوام دەبن.