بوار، تایبەت
کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان وەرچەرخانێکی گەورە بەخۆوە دەبینێت ، لە قۆناغی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە بۆ قۆناغی پەرەپێدانی بەردەوام و مۆدێرنکردن هەنگاو دەنێت، بە جۆرێک دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ ماڵان لە هەرێمی کوردستان لە ستانداردە جیهانییەکان نزیکبووەتەوە.
ئەم دەستکەوتانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی نوێکردنەوەی سیاسەتی ئاو لە هەرێمی کوردستان هاتوونەتە بەرهەم، کە بە هاوکاری ڕێکخراوی یونیسێف (UNICEF) و بە پاڵپشتی دارایی حکومەتی هۆڵەندا جێبەجێ کراوە. پڕۆژەکە پشتی بە داتای زانستی و ڕای ڕاستەوخۆی هاووڵاتییان بەستووە.
نەخشەی گەیشتنی ئاو بە ماڵان لە شارەکانی هەرێم
تۆڕی ئاوی نیشتمانیی لەم ساڵانەی دواییدا گەشەکردنێکی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە، بە شێوەیەک کە ڕێژەی گەیشتنی ئاوی پاک بە ماڵان لە زۆربەی شارەکان گەیشتووەتە ئاستێکی نموونەیی، بە ڕێژەیەک لە هەولێر 95% بووە، لە دهۆک 97% و لە کەلار 98% و لە زاخۆش ڕێژەکە گەیشتووەتە 97%.
پشکنینی تووند و ڕەزامەندیی هاوڵاتیان
لە ڕاپرسییەکی زانستیدا کە ڕای (1600) هاوڵاتی وەرگیراوە، دەرکەوتووە کە 85%ی بەشداربووان خزمەتگوزاریی ئاو بە (باش و مامناوەند) هەڵدەسەنگێنن (60% بە تەواوی ڕازین و بە باشی دەزانن، 25%یش بە مامناوەند).
ئەم متمانەیەی هاوڵاتیان بەهۆی چاودێرییەکی تووندی کوالێتی ئاوەوە هاتووە، بە جۆرێک کە ساڵانە:
زیاتر لە 26,350 پشکنین لە تاقیگەکانی هەولێر ئەنجام دەدرێت.
زیاتر لە 23,180 پشکنین لە تاقیگەکانی سلێمانی ئەنجام دەدرێت.
پاراستنی سامانی ئاو: حکوومەتی هەرێم سەرکەوتوو بووە لە بەستنی پێوەری زیرەکی ئاو بۆ 89%ی یەکەکانی نیشتەجێبوون، ئەمەش بەفیڕۆدان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، شانبەشانی ئەمە، 72.6%ی هاوڵاتیان بە ڕێکوپێکی پسوولەی ئاو وەردەگرن.
بەرەو داهاتوویەکی دیجیتاڵی
بۆ قۆناغی داهاتوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ پلانێکی ستراتیژیی داڕشتووە، کە پشت بە بەدیجیتاڵکردنی تەواوی تۆڕەکان دەبەستێت لە ڕێگەی سیستەمی زانیارییە جۆگرافییەکان (GIS)، سیستەمی چاودێریی زیرەک (SCADA)، و پلانی سەلامەتیی ئاو (WSP)؛ ئەمەش بۆ بنیادنانی سێکتەرێکی خۆڕاگر بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.