گرنگ

سوپای ئیسرائیل دەکەوێتە "ئەوپەڕى ئامادەباشی" بۆ ئەگەری گەڕانەوەی جەنگی ئێران

2026-05-23

 

#بوار
سوپای ئیسرائیل باری "ئامادەباشیی ئەوپەڕی" راگەیاند، بۆ پێشبینیکردنی ئەگەری گەڕانەوەی گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران، ئەمەش بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردووەتەوە.

بە گوێرەى راپۆرتەکە، سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەگەری ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری ئەنجامدانی گورزێکى سەربازی دژی ئێران لە چەند رۆژی داهاتوودا بدات، ئەمەش بە هەماهەنگییەکی گەورە لەگەڵ ئەمریکا.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، ئیسرائیل پێشبینی دەکات، دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە کۆتاییدا نەگاتە رێککەوتن، بژاردەی سەربازی جێبەجێ دەکرێت، لەکاتێکدا سوپای ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات لەسەر ئەو بنەمایەی، هێرشەکە "رەنگە لە چەند رۆژێکدا رووبدات".

ئەم ئامادەکارییانەش لە چوارچێوەی ئەو مۆڵەتە کورتەدا دێن، ترەمپ دیاریکردووە، کە ئەم دواییە رایگەیاندبوو، خەریکە هێرشێک ئەنجام بدات، پێش ئەوەی چەند رۆژێکی دیکە مۆڵەت بدات بۆ هەوڵێکی نێوەندگیری کە پاکستان و قەتەر سەرکردایەتی دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە کەناڵی 12ـی راگەیاندووە، ترەمپ "هەست بە بێهیواییەکی تا دێت زیاتر دەکات سەبارەت بە رەوتی دانوستانەکان لەگەڵ تاران".

رۆژی هەینیش سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە واشنتن دەمێنێتەوە و ئامادەی ئاهەنگی هاوسەرگیری کوڕەکەی نابێت، روونیکردەوە، بڕیارەکەی بەهۆی "پێشهاتەکانی ئەم دواییە"ـوە بووە.

لێدوانەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پاکستان هەوڵی نێوەندگیری دەدات، بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەو دانوستانانەی کە تووشی چەقبەستن بوون.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، زیادبوونی بێهیوایی سەرۆکی ئەمریکا رەنگە پاڵی پێوە بنێت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر "کارێکی یەکلاکەرەوە" دژی رژێمی ئێران بدات، بە ئامانجی "راگەیاندنی سەرکەوتن" لە روانگەی خۆیەوە، کۆتایهێنان بە رووبەڕووبوونەوەکە.

ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە، گەیشتن بە رێککەوتنێک ببێتە هۆی کەمکردنەوەی سزاکانی سەر تاران، بەبێ ئەوەی چارەسەری نیگەرانییەکانی بکات سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی ئێران.

بەپێی کەناڵی 12، بەرپرسانی ئیسرائیل جەخت لەسەر بوونی لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ ئەمریکا دەکەنەوە، کە رێگە نادات تاران تواناکانی پیتاندنی یۆرانیۆم بپارێزێت.

بەرپرسان روونیان کردەوە، "هەر رێککەوتنێک ئەوە لەخۆ نەگرێت بە تەواوی وەک بژاردەیەکی نالۆژیکی دەردەکەوێت".

هەروەها راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیل ترسی لە رێککەوتنێکی کاتی (قۆناغ بە قۆناغ) هەیە، کە دەستکەوتی ئابووری و سیاسی بە تاران ببەخشێت، لەگەڵ دواخستنی دۆسیە ئەمنییە سەرەکییەکان بۆ قۆناغەکانی دواتر

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color