پێشبینی دەکات بەم زووانە رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت
#بوار
دۆناڵد ترەمپ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەى "کۆتایی بە جەنگی لەگەڵ ئێران هێناوە"، متمانەی خۆی دەربڕی بە نزیکبوونەوەی واژۆکردنی رێککەوتنێک لە نێوان واشنتن و تاران، کە رەنگە گەرووی هورمز بکاتەوە و کۆتایی بەو گەمارۆ دەریاییە بهێنێت سەپێنراوەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، لە کاتێکدا تاران جەخت لەوە دەکاتەوە دانوستانەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە بڕیاری کۆتایی.
تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری ترەمپەوە گواستییەوە، لە میانی گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا لە رێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە بۆ پشتگیریکردن لە جێگری حاکمی ویلایەتی جۆرجیا، بێرت جۆنز، گوتویەتی: "نازانم ئەگەر بیستووتانە، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ (پێنجشەممە لە ئەمریکا) کۆتاییمان بە جەنگ هێنا لەگەڵ ئێران"، گوتیشی: "ئەوان رازی بوون بەوەی چەکی ئەتۆمییان نەبێت، کە ئەمە ئەو مەرجە بوو ئێمە پێداگریمان لەسەر دەکرد، ئەمەش ئامانجە سەرەکییەکە بوو، سەدا 95ـی پرسەکەی پێکدەهێنا".
لێدوانەکانی ترەمپ چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات، لە کۆشکی سپییەوە گەیشتن بەوەی کە بە "یەکلاکردنەوەیەکی نایابی جەنگ لەگەڵ ئێران" وەسفی کرد راگەیاند، بە رۆژنامەنووسانی گوت: "گەرووەکە بە فەرمی دەکرێتەوە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکەمان، ئەمەش رەنگە بەم زووانە رووبدات.. بە زووییەکی زۆر.. رەنگە لە سەرەتای هەفتەدا لە ئەوروپا ڕێکەوتن واژۆ بکەین".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، رێککەوتنەکە ئامانجە سەرەکییەکەی ئیدارەی ئەمریکا بەدی دەهێنێت و رایگەیاند: "گرنگترین شت ئەوەیە ئێمە رێککەوتنێکمان هەیە بە یەکجاری زامنی ئەوە دەکات ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش ئامانجی سەرەکی بوو لە هەموو ئەو هەوڵانەی کە دامان بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە، بۆیە ئەمە دەستکەوتێکی گەورە بوو".
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە رەزامەندی رێبەری باڵای ئێران، ترەمپ گوتی: "پێموایە وەڵامەکە بەڵێیە"، لێکتێگەیشتنەکەی بە "یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی زۆر بەهێز" وەسف کرد، هەرچەندە "کەمێک سەرەتاییشە".
هەروەها ترەمپ گوتی، رەنگە ئەوروپا لە رۆژانی داهاتوودا میوانداری مەراسیمی واژۆکردنەکە بکات، پێشبینی کرد جێگری سەرۆک، جەی دی ڤانس، نوێنەرایەتی ئەمریکا بکات، بەهۆی پەیوەستبوونی بە خشتەی کارێکەوە، کە لوتکەی گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا لەخۆدەگرێت.
لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، تاران هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر هەر رێککەوتنێکى لەگەڵ ئەمریکا نەداوە، و جەختیشی کردەوە، ئەو هەواڵانەی پەیوەستن بە کات و شوێنی واژۆکردنەکەوە هێشتا "تەنیا پێشبینین"، ئێرانیش دەستبەرداری "هێڵە سوورەکانی" خۆی نابێت لە دانوستانەکاندا.
پێشتریش ترەمپ هێرشی سەربازیی نوێی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندبووەوە، رایگەیاندبوو، "خاڵە کۆتاییەکانی" رێککەوتنی ئاشتییە سەرەتاییەکە پەسەندکراون، لە کاتێکدا گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر ئەو کەشتییانەی بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەڕۆن، یان لێیەوە دەردەچن بەردەوامە تا ئەو کاتەی رێککەوتنەکە تەواو دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە کاتێکدا کۆشکی سپی باس لە کۆتاییهاتنی جەنگ و نزیکبوونەوەی رێککەوتنێکی مێژوویی دەکات، تاران هێشتا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم لێدوانانە دەکات، ئەمەش وا دەکات رۆژانی داهاتوو یەکلاکەرەوە بن بۆ زانینی ئەوەی ئاخۆ بەڵێنەکانی ئەمریکا دەگۆڕێن بۆ رێککەوتنێکی فەرمی کە کۆتایی بە چەندین مانگ لە گرژیی سەربازی و سیاسی بهێنێت.