لەگەڵ ئەوەی نرخی ئاژەڵ بۆ قوربانی دابەزیوە، بەڵام بەوتەی قەسابەكان بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەوە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ بەمەبەستی قوربانیكردن زۆر سستە. عەبدوڵا مەلا كەریم، ئاژەڵدار لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، راگەیاند: نرخی ئاژەڵ لە مەیدانەكان هەرزان بووە، بەڵام خواستی كڕینی ئاژەل كەمیكردووە، ئەوەش بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوەیە. ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی كیلۆیەك بەرخ بە زیندە قەپان، نزیكی هەزار و 500 دینارە، بەرخ بە حەوت هەزار و 500 دینار و كاوڕ بە شەش هەزار و 750 ئەژەڵی گەورەش وەك گوێرەكە كیلۆی بە حەوت هەزار و 500 دینارە و مانگاش بە چوار هەزار و 500 دینارە. هەڵمەت هەمزە بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێر، راگەیاندووە: بۆ رۆژانی جەژن كوشتارگەكە رۆژانی ئاسایی هەشت سەعات كاری تێدا دەكرێت، كە دەتوانێ 200 سەر ئاژەڵی گەورە و هەزار و 200 سەر ئاژەڵی بچووك سەر ببڕێت و پارچەیان بكات و بیداتەوە هاووڵاتییان، بەڵام لە رۆژانی جەژنی قورباندا سەعاتی كاركردن دەكرێتە 12 سەعات، دەتوانین لە رۆژێكدا هەزار و 800 ئاژەڵی بچووك و 300 ئاژەڵی گەورە سەرببڕین.