گرنگ

بۆ ئەو هاوڵاتییانەی لە دەرەوە گیریان خواردووە و چاوەڕوانی گەڕانەوەن، رێگەی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا بڵاوکرایەوە

2025-06-16

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێکارێکی بۆ وەرگرتنی ڤیزای تورکیا بۆ ئەو کوردانەی دەرەوە بڵاوکردەوە کە بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە و رێگەی فڕۆکەخانەشیان لێ داخراوە. دەقی راگەیەنراو... هاونیشتیمانی ئازیز، دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچوونی هاونیشتیمانیان و گەڕاندنەوەیان بەسەلامەتی کە گەشتەکانیان بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان ڕاگیراوە، بۆ هەموو ئەو هاونیشتیمانیانەی کە پەیوەندیتان بە هێلە گەرمەکانەوە کردووە یاخود فۆرمی ئۆنلاینی تایبەتان پڕکردووەتەوە و ئەوانەش لە هەر شوێنێکی تری جیهان گیرتان خواردووە، تکایە بفەرموون بەئەنجامدانی ئەو خاڵانەی خوارەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا و گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان. یەکەم: سەردانی نزیکترین نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکانی تورکیا (کۆنسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی تورکیا) بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیرتان خواردووە، ڕاستەوخۆ بەڕێزتان ڤیزای ترانزێتی (٣) ڕۆژتان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی تورکیا، دواتر بە ڕێگەی ووشکانی بۆ هەرێمی کوردستان. دووەم: پێویستە ئەو تکێتەی کە پێی دەگەڕێتەوە وڵاتی تورکیا لە ڕێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکیەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتی تورکیا بێت. سێیەم: هاونیشتیمانی ئازیز تکایە لەو خاڵانەی خوارەوە دڵنیا ببەوە: • دڵنیا ببەوە لەوەی کە تکێتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کۆنسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونکە مەرجە تکێتەکەت لە هێڵێکی تورکی بێت تاوەکو سوود لەو کارئاسانییە وەربگری. • دڵنیاببەوە لەوەی کە (٧٢) کاتژمێرەکەت دوای وادەی دەرچوونت بێت لەو وڵاتە، چونکە ڤیزەکە تەنها بۆ (٧٢) کاتژمێرە. • پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاری وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیێکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت. • ئەگەر هاتوو پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیکا یاخود هەر پاسپۆرتێکی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقیەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکان، تاوەکو سوودمەند بیت لەو کارئاسانییە. بۆ زانینی بەڕێزتان ئەو کارئاسانییە کاتیە و تەنها تاوەکو کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت. تکایە لە بوونی هەر کێشەیەک هەمان هێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکاربهێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووری ابراهیم خلیل، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تیمەکانی پێشوازییەوە لە پێشوازی بەڕێزتانەوە و ئاسانکاری تەواویان کردووە و لە چاوەڕوانیتاندان. ئەو هاوڵاتیانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکو هەر هاونیشتیمانیەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color