عەبدوڵای كوێخا موبارە ڕوولەبەرپرسانی هەرێم ئاماژەبەوەدەكات كە باسی قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی ناكەم، بەڵكوو بەهۆی دەست پیسی ئێوە خەڵك دەیانەوێت قوت و بژێویان لە دەستی تەیف سامیدا بێت. عەبدولای كوێخا موبارەك لەپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبوك ئەوەی بلاوكردووەتەوە، بۆ بەرپرسانی هەرێم، باسی قەیرانی دارایی، بێ موچەیی و برسێتی خەڵك، كەمی خزمەتگوزاری و هێرشی درۆن بۆ سەر كوردستان ناكەین كە زۆر باسكراوە و ئاشكرایە بە چی نیەت و مەرامێك ئەو كێشانە دژی كورد دروست دەكرێن، هەرچەند ئەمەش بەشێكی بەهۆی بێ توانایی و كەم تەرخەمی ئێوەوەیە. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوەی كارەسات و شەرمەزاریە خەڵك دەیانەوێت قوت و بژێویان لە دەستی تەیف سامیدا بێت بەهۆی بێ متمانەیی و دەس پیسی ئێوەوە، خەڵك دەیانەوێت دەستبەرداری ئەو هەموو قوربانیدانەیان و سەروەریە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیان بن و بگەڕێنەوە باوەشی عێراق و سودانی لە داخی ئێوە، هاوكات خەڵك ئەوەندە لێتان بێزارە شوێنی شەیتانیش دەكەون و پشتیوانی دەكەن ئەگەر دژی ئێوە بێت. عەبدولای كوێخا موبارەش ئەوەشی نوسیوە، خەڵك حەزدەكەن خۆیشیان لە ئاگرێكدا بسوتێن تەنها بەو هیوایەی ئێوەش بسوتێن، ئاخر كاری چەند ساڵەی ئێوە حكومڕانی و ئیدارەدانی خەڵك نەبووە، بەڵكو تەنها خەریكی قومار و كەیفوسەفای خۆتان و لە خەمی كۆمپانیا و منداڵەكانی خۆتان بوون، بۆیە ئەگەر خوا بكا هەموو سەروەریەكانتان لە دەست نەدابێت ئیتر شەرم و حەیا بتانگرێت ئەگەر هەتانە.