شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ پەرلەمانتارانی حیزبەکەی سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کرد. شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانید رایگەیاند، سودانی وتویەتی، موچەی مانگی پێنج هیچ كێشەیەكی تێدا نییەو وتی ئەمشەو تا بەیانی چارەسەر دەبێت. بۆ مانگەکانی (٦ و ٧)یش وتویەتی، لەسەر موچەی مانگی شەش و حەوت لەگەڵ هەرێم رێككەوتوون ئەگەر هەرێم پابەند بێت بەو رێككەوتنەی كردویانە، موچەی مانگەكانی تریش دەنێرن، بەڵام ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت و داهاتی ناوخۆ تەسلیمی بەغداد نەكات شتەكان تێكدەچنەوە. سودانی ئاماژەی بەوەکردووە "بە حكومەتی هەرێممان وتووە ئێوە 42 هەزار بەرمیل نەوتتان پێویستە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی؛ بۆ بەنزین و نەوت و سوتەمەنییەكان، ئێوە ئەو 42 هەزار بەرمیلەمان پێ بدەن ئێمە بە نرخی بەغداد بەنزین و نەوتتان پێدەدەین، واتا لە هەرێمیش لیترێك بەنزین دەبێت لە 450 دینار، بەڵام وتی هەرێم رازی نەبووە". سەرۆك وەزیران وتویەتی "ئەگەر نەوت نەڕوات و قەزاو قەدەر هات، ئێمە موچەی موچەخۆران نابڕین، بەڵام ئەگەر نەوت بڕوات لیژنە ئەنێرین، هەموو دوو هەفتە جارێك لیژنە دەنێرین بۆ حدود بۆ پاڵاوگەكان بۆ كێڵگە نەوتییەكان".