پەرلەمانتارێكی كورد ئاماژەبەوەدەكات، خەونی نەتەوەیەك كە دەیان ساڵ جینۆسایدكراوە، كورتكراوەتەوە لە نان و مووچە و لە دەرگاكانی بەغدا سواڵی مووچە دەكات، ئەمەش شكستێكی گەورەی حوكمڕانییە لە هەرێمی كوردستان كە حزبەكانی دەسەڵات لێی بەرپرسن. موسەنائەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو ڕایگەیاند: وەفدەكانی هەرێم كە دەچنە بەغدا داتایەك دەدەنە حكومەتی عێراق، كە دەگەڕێنەوە پێیان دەڵێن بۆ داتای واتان داوە، دووبارە نامەدەنێرن و دەڵێن پەشیمان بووینەوە ئاماژەی بەوەشكردووە،ئەگەر بەغدا بانوویەكی نوێی دۆزیوەتەوە و گێچەڵێكی نوێی هەیە بۆ هەرێم با پێمان بڵێن، تا ئێمەش ئەم شەڕە بۆ میللەتی خۆمان بكەین، بەڵام هەڵوێستی بەغدا نەگۆڕاوە و دەڵێت نەوتی بەرهەمهێنراو 50 هەزار بەرمیلی بۆ خۆت و ئەوی تری رادەست بكە تا سۆمۆ بیفرۆشێت. ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئەوەشی وتووە، پێویستە حكومەتی هەرێم پارێزەرایەتی بۆ كۆمپانیاكانی نەوت نەكات، بەڵكو پارێزەری خەڵكی بێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، نەك حكومەتی كۆمپانیاكانی نەوت، هاوكات حكومەتی عێراق گومانی لە داتاكانی نەوتی هەرێم هەیە و بێمتمانەیی و گەڕان بۆ خۆدزینەوە لە رێككەوتنەكان لە هەردوولاوە هەیە بەتایبەتی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە.