بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەبەوەدەكات هەرێمی كوردستان تائێستا هیچ بڕە نەوتێكی هەناردە نەكردووە و ئامادەنییە نەوتمان ڕادەستبكات، جەختیشدەكاتەوە هەرێمی كوردستان هەر بڕێك نەوت لەئێستادا هەناردە بكات وەریدەگرن عەلی نزار فایەق، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت، ناسراو بە سۆمۆ رایگەیاند: هەرێم تائێستا هیچ بڕە نەوتێكی هەناردە نەكردووە و ڕادەستی ئێمەی نەكردووە، لەكاتێكدا ئێمە هەموو رێكارەكانی تایبەت بۆ هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە تەواو كردووە ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر كێڵگەیەك كە بۆ ماوەیەك بەرهەمهێنان تێیدا رادەگیرێت، یان بەرهەمی كەمدەكرێتەوە، راستەوخۆ ناتوانرێت دوای دەستبەكاربوونەوە بەرهەمهێنانی زیاد بكرێتەوە، هەروەها لەبودجەدا هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بە 400 هەزار بەرمیل دیاریكراوە، لە لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەردوو حكومەتیشدا بە 280 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دیارییكراوە كە 50 هەزار بەرمیلی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆییە، بۆیە وەك قۆناغی سەرەتا هەرێمی كوردستان هەر بڕە نەوتێك كە هەناردە بكات، ئێمە وەریدەگرین. بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عیراق لەنێوان سێ ملیۆن و 350 هەزار بەرمیل بۆ سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلدایە، كە رێژەی 78% بۆ 80%ـی دەچێتە بازاڕەكانی ئاسیا، چونكە بازاری گەشەسەندون و بەكارهێنانیان لە زیادبوندایە، لە كاتێكدا ئەوەی ماوەتەوە بەسەر بازاڕەكانی ئەوروپادا دابەشدەبێت، هەروەها كەمترە لە 20% و ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ ئەمریكایە.