گرنگ

پەكـ.ـەكـ.ـە، دوو بەرپرسەكەی میت رادەستی ئیبراهیم كاڵن دەكاتەوە

2025-08-06

 

پەكـ.ـەكـ.ـە، دوو بەرپرسی میت رادەستی ئیبراهیم كاڵنی بەرپرسی دەزگای میت دەكات. بەپێی زانیارییەكانی بوار، لە ساڵی 2017 لە ئۆپۆسیۆنێكی تایبەتدا پەكـ.ـەكـ.ـە دوو بەرپرسی دەزگای میت لە قەزای دووكان دەستگیردەكات و دەیانبات بۆ قەندیل. دەستگیركردنی ئەو دوو بەرپرسەی میت لەلایەن پەكـ.ـەكـ.ـەوە توڕەیی بەرپرسانی توركیای لێكەوتەوە. لە 10ی شوباتی ساڵی 2021 هێزە سەربازییەكانی توركیا لە چیا گارە ئۆپۆسیۆنێكی بەناوی پەنجەباز 2 ئەنجامداو تیایدا زیندانێكی پەكـ.ـەكـ.ـە بۆردوومانكراو بەهۆیەوە 13 كەس گیانیان لەدەستدا. هێزە سەربازییەكانی توركیا ئەو كات ڕایانگەیاند كە ئەو دوو بەرپرسەی میت لەو زیندانە بوون و لە ئەنجامی ئەو هێرشە گیانیان لە دەستداوە. دوای چوار ساڵ لەو هێرشە دەركەوت ئەو دوو بەرپرسەی میت لە چیای گارە زیندانی نەبوون، یەكێكیان لە ژیاندا ماوەو ئەوەی دیكەش بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی لە دەستداوە. بەپێی زانیارییەكانی بوار، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی نێوان هێزەكانی پەكـ.ـەكـ.ـە و توركیا، پەكـ.ـەكـ.ـە بەرپرسەكەی میت و تەرمی بەرپرسی دووەمی ڕادەستی توركیا كردووەتەوە. رۆژنامەنوسی دیاری تورك عەبدولقادر سەلوی كە نزیكە لە دەسەڵاتدارانی ئێستای ئاكپارتی زانیاری ئەوەی بڵاوكردووەتەوە گوایە ئەو كەسانە لە ڕێی ئۆپۆسیۆنی تایبەتی هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە توانراوە ئازادبكرێن. بەڵام بەپێی بە دواداچوونەكانی بوار ئەو كەسانە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و بە ئاسانكاری هەر یەك لە نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئەو كارە ئەنجامدراوە. بەپێی زانیارییەكان، لە دواین سەردانی ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی دەزگای میتی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان لە رۆژی 9ی تەمموزی ئەمساڵ، لە ڕێ و شوێنێكی ئەمنی توندا ئەو بەرپرسەی میت و تەرمی بەرپرسەكەی دیكە رادەستی ئیبراهیم كاڵن كراوەتەوەو هەمان رۆژ لە ڕێی فرۆكەیەكی تایبەتەوە تەرمی بەرپرسەكەی میت و بەرپرسەكەی دیكە هەمان دەزگا گەڕێندراونەتەوە توركیا.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color