وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەبەوەدەكات، كاتی پێشكێشكردنی داواكاری بۆ بوون بە كارمەندی سەر سندووقەكانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا كۆتاییهات، لە عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر لە 825 هەزار كەس داواكارییان پێشكێش كردووە. جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆن بە بواری ڕاگەیاند: لە ئەمرۆوە پرۆسەی پێشكێشكردنی داواكاری بۆ بوون بە كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان كۆتاییهاتووە، بەگوێرەی دوایین ئامارەكان، زیاتر لە 825 هەزار كەس لە عێراق و هەرێمی كوردستان داواكارییان پێشكێش كردووە. ئاماژەی بەوەشكرد، لەهەرێمی كوردستان 117 هەزار و 875 كەس لەسەرجەم لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پێشكەش كردووە، بەجۆرێك لە هەولێر: 42,621 داواكاری و لە هەڵەبجە و سلێمانی: 43,299 داواكاری و لە دهۆك: 31,955 داواكاری پێشكەش كراون. وتەبێژی كۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، كۆمیسیۆن تەنیا پێویستی بە نزیكەی 250 هەزار كارمەندە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی دەنگدان لە رۆژی هەڵبژاردندا، هاوكات دوا كات بۆ پێشكێشكردنی بەڵگەنامە پێویستەكان رۆژی یەكشەممە، بەڵگەنامەكان ئاراستەی ئۆفیسەكانی كۆمیسیۆن بكات، بە پێچەوانەوە داواكارییەكەی بە پووچەڵكراوە دادەنرێت.