بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەكەلی لە هەولێر ئاماژە بەوەدەكات پڕۆژەی ڕووناكی ژینگە پاك دەكاتەوە و كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبووانیش بە شێرپەنجە دەبێت. د.هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەكەلی لە هەولێر، ڕایگەیاند: پڕۆژەی ڕووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، لە داهاتوودا كاریگەریی زۆر باشی لەسەر كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە دەبێت، چونكە لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا، زیاتر لە هەزار موەلیدەی ئەهلی لە ناوەندیی شاری هەولێر كوژێنراونەتەوە كە ڕۆژانە دووكەڵیان دەردەكرد و ژینگەیان پیس دەكرد، ئەمەش دەبووە هۆی تووشبوونی هاووڵاتییان بە نەخۆشیی شێرپەنجە. ئاماژەی بەوەشكردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی تایبەتی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە تەرخان كردووە، لەگەڵ ئەمەش خێرخوازان هاوكارێكی سەرەكی ئێمەن لە دابینكردنی دەرمان، هاوكات وەزارەتی تەندروستی عێراق بڕێكی زۆر كەم دەرمان و هاوكاریی تەندروستیمان پێشكەش دەكات و بەشی هەفتەیەكیش ناكەن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەكەلی ئەوەشی وتووە،بە بەراود بە ئامارەكانی ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە زیادی كردووە، بەڵام ژمارەیەكی زۆریان دانیشووی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن و لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت نەخۆشخانەی نانەكەلی چارەسەری پزیشكی وەردەگرن.