پڕۆژەی ئاوی دەربەند لە ڕانیە سەرەڕای تێپەڕبوونی بیست ساڵ بەسەر دەستپێکی کارکردن تێیدا، تا ئێستا تەواو نەکراوەو کارکردن تێیدا وەستاوە. پڕۆژەی ئاوی دەربەند لە ڕانیە بەر لە بیست ساڵ، لە تەمووزی ۲۰۰٥ بەردی بناغەی دانراوە. نزیکەی ٨۰ لەسەدی کارەکانی تەواو کراوە. بەهۆی قەیرانی داراییەوە چەندین ساڵ کارکردن تێیدا ڕاگیراوە. پڕۆژەکە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ سەنتەری قەزای ڕانیە و حاجیاوا و چوارقوڕنە بەردی بناغەی دانراوە. ئەگەر تەواو بێت دەتوانێت ئاو بۆ نزیکەی ۲۰۰ هەزار کەس دابین بکات و توانای دابین کردنی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی لە کاتژمێرێکدا هەبوو. پڕۆژەکە پێویستی بەنزیکەی پێنج ملیۆن دۆلارە بۆ تەواو کردنی ئەو بەشەی کەماوەو دەتوانرێت لەماوەی چەند مانگێکدا تەواو بکرێت. چونکە بەشە سەرەکییەکانی تەواو کراون. بەڵام بەهۆی تەرخان نەکردنی پارەوە بووەتە یەکەم پڕۆژەی ئاو کە بیست ساڵ بەسەر دانانی بەردی بناغەیدا تێپەڕێت و تەواو نەکرابێت. تەواو نەکردنی پڕۆژەکە لەکاتێکدایە ڕانیەو دەوروبەری ڕووبەڕووی کەمئاوی بووەتەوە بەهۆی کەمبوونی ئاو لە سەرچاوەکان و وشکبوونی بیرەکان.