میدیا ئیسرائیلەكان بڵاویان كردەوە، وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەیان ٦٠ هەزار سەرباز بە مەبەستی داگیركردنی غەزە دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بۆ ئەومەبەستەش ئیسرائیل دەیەوێت پیلانێك دابنێت بە مەبەستی داگیركردنی تەواوی غەزە. بەگوێرەی هەواڵی میدیا ئیسرائیلەكان، وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە ٦٠ هەزار سەرباز بە مەبەستی داگیركردنی غەزەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئیسرائیل دەیەوێت پیلانێك دابنێت بە مەبەستی داگیركردنی تەواوی غەزە، یاخود ئازادكردنی هەموو بارمتەكان بەبێ مەرج و ڕۆشتنەدەرەوەی فەرماندە سەربازییەكانی حەماس لە غەزە. ئاماژەبەوەشكراوە، ئەمڕۆ یسرائیل كاتز وەزیری بەرگری و ئایال زامیر سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل پلانی كۆنترۆڵكردنی غەزەیان پەسەندكرد، هاوكات سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگری ئیسرائیل گرنگییان بە ڕەزامەندیی حەماس و گرووپە چەكدارییەكان نەداوە، بە مەبەستی قبووڵكردنی پێشنیارەكەی میسر و دەستپێكردنی ئاگربەست. پێشنیارەكەی میسر بریتیە لە ئازادكردنی ١٠ بارمتەی زیندوو، لەگەڵ ڕادەستكردنەوەی تەرمی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی، كە گیانیان لەدەستداوە یاخود كوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل ١٥٠ زیندانی سیاسی فەڵەستینی ئازاد دەكات، بەرانبەر بە ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ، بەڵام تا ئێستا ئیسرائیل بەو پێشنیازە ڕازی نەبووە.