نوسینگەی ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕەتیدەكەنەوە كە لەگەڵ یەكێتی ڕێككەوتنیان كردبێت بۆ دواخستنی ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەبارەی پرسی مووچەوە،یجەختیشدەكەنەوە كە ئەوەی لەو بارەیەوە بڵاو كراوەتەوە تۆمەت بەخشینەوەیە. لە ڕاگەیەندراوەكەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوەهاتووە، دوێنێ، لە بەرنامەیەكی ڕادیۆی دەنگی بزووتنەوەی گۆڕان كەسێك بەنێونیشانی بەرپرسی ئۆفیسی دەزگای ستاندارد لە سلێمانی، بەناوی زانیاری، چەند تۆمەتێكی بەخشیوەتەوە، كە گوایە هەڤاڵ (هۆشیار زێباری) ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتیمان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەڕێزان لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی لە پرسی دواخستنی ڕێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كردووە سەبارەت بە دابینكردنی مووچە. ئاماژەبەوەشكراوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین كە سەرلەبەری ئەو زانیاریانە ناڕاستن و دەكەونە خانەی تۆمەت بەخشینەوەیەكی بێ بنەما، بەپێچەوانەوە بەڕێز زێباری و مەكتەبی سیاسی پارتیمان هەمیشە جەختیان لە پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردۆتەوە لە چارەسەر كردنی كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی، هاوكات هانی هەردوو حكومەت دراوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی تۆكمە بۆ دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕەخساندنی كەشێكی ئارام لەپێناو ژیان و گوزەرانی مووچەخۆر و هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان.